فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكەن
ئەمڕۆ دووشەممە 5/2/2018، عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕايگەیاند: "وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا و بڕیارمان دا بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەین، لەبەر ئەوەی حكوومەتی عێراق پێشنیارەكانی ئێمەی لەمەڕ پڕۆژە یاسای بودجە بەهەند وەرنەگرتووە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی كردەوە: "پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بەو شێوەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕێنرێت لە پەرژەوەندیی ئێمەدا نییە و حكوومەتی عێراق خۆی دوور دەخاتەوە لە پێشنیارەكانی كورد لەسەر پرۆژەی یاسای بودجە و پێشنیاری لایەنە شیعە و عەرەبە سوننەكانی جێبەجێ كردووە، تەنیا پێشنیاری كورد ماوە، بۆیە ئێمەش بڕیارمان دا بایكۆتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بكەین".
پێشتر حكوومەتی عێراق ساڵانە لە %17ی پشكی بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەڵام ماوەی چوار ساڵە هیچ بڕە بودجەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە و لە پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2018دا پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان کراوەتە 12% کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕەتی کردووەتەوە و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لە ئەنجومەنی نێنەرانی عێراقیش بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان کردووە و خوازیارن داخوازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پشکی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و پەسەکانی دیکە جێبەجێ بکرێن.
باسنيوز
