بۆ لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر شاندێکی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە خورماتوو
شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەوە، ڕاگەیاند، لێژنەیەکی کارا لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوێنەرایەتی ھەشت فراکسیۆن لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێکھێنراوە، بێگومان پێشتر لێژنەکە کۆبووەتەوە و بەرنامەی کاری دارشتووە و وا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، بۆ ئەوەی لەسەر ھۆکاری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر گفتۆگۆ لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ھاووڵاتییانی ئاوارەی ناوچەکە و قایمقامی قەزای خورماتوو بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی کردەوە: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، ئێمە لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، دواتر لەسەر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرتە قسە و باس لەسەر ئەو ڕووداوانە دەکرێت و ئەرکی لێژنەکە بەدواداچوونە لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بێگومان دوای ڕاپۆرتەکە پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە بڕیاری خۆی دەدات".
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، حەشدی شەعبی و چەند گرووپ و میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
باسنیوز
