سنووری پێشابوور بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا کراوەیە
لە ھەندێک میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە، کە گوایه خاڵی سنووریی پێشابوور بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ ڕۆژاوای کوردستان داخراوە و، ڕێگە بە گەیاندنی ھاوکاری نادرێت لە ڕێگەی ئهو خاڵه سنوورییهوه، بەتایبەت ئێستا کە هێرش بۆ سهر عەفرین ههیه و خەڵکیش پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە.
لەمبارەیەوە بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور، شەوکەت بەربوھاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خاڵی سنووریی پێشابوور بەردەوام بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا کراوەیە و، بەردەوامیش ھاوکارییان بۆ ڕەوانە دەکرێت و بەشەو و ڕۆژ ھاوکارییان بۆ ڕەوانە دەکرێت. نزیکەی٣٠ ڕێکخراوی خێرخوازی بە ھەماھەنگی و پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بۆ ڕۆژاوای کوردستان ڕەوانە دەکەن و جگە لە ڕۆژاوای کوردستان بۆ ڕەقە و مەنبەج و دێرەزوور و شارەکانی دیکەی سووریاش ڕەوانە دەکرێت."
شەوکەت بەربوھاری گوتیشی: "ھەرچیی پێداویستی ھەیە لە خواردن و خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی و تەنانەت کارەبایش، بۆ ڕۆژاوای کوردستان ڕەوانە دەکرێت و ھیچ ڕێگرییەکیش نییە."
سەبارەت بە عەفرینیش، بەربوھاری گوتی: "عەفرین لە ئێمەوە دوورە و ڕێگە بۆ ئەو شارە نییە لای ئێمە، چونکە لە نێوان حەلەب و عەفرین ڕێگا نییە، بۆیە تا ئێستا ھیچ ئاوارە و برینداری ئەوێ بۆ ئێمە نەھاتوون."
بەرپرسی خاڵی سنووریی پێشابوور دەنگۆی داخستنی سنوور به پڕۆپاگندهی نهیاران ناو دهبات و دهڵێ، ''چاویان بەوە ھەڵنایە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھاوکاریی پێشکەشی ڕۆژاوای کوردستان دەکات، ئینجا بوختان دروست دەکەن و باس لەوە دەکەن سنوور بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا داخراوە."
وهك بەربوھاری جهختی كردهوه: "دۆخی سنوور زۆر ئارامە و ھیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و جموجووڵی بازرگانی و ھاتوچۆش بەردەوامە."
kdp-
