نێچیرڤان بارزانی و یان کۆبیش فراوانکردنی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دووپات دەکەنەوە

 نێچیرڤان بارزانی و یان کۆبیش فراوانکردنی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دووپات دەکەنەوە
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و جێگرەکەی کۆبوویەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 4/2/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ یان کۆبیش، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و خاتوو ئەلیس والبۆل، جێگری نوێی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کۆبوویەوە.

لە دیدارێکدا کۆبیش، خۆشحاڵیی خۆی بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەتی ئەو کۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان ھەردوو سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا ئەنجام دراون، دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ ھەر ھاوکاری و پشتگیرییەک بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاتری تەکنیکی نێوان ھەردوولا و چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی لەسەر پرسی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، نیشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانە و ھەوڵ و پشتگیرییەکانی کۆبیشی بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی ئەم دواییەی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە ھەرچەندە ھەنگاوی زۆر ماون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدای بە سەرەتایەکی باش بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی جددیتری نێوان ھەردوولا زانی.

تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.










باسنيوز
Top