پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عەبادی دەیەوێ چارەسەرکردنی مووچە بخاتە دوای هەڵبژاردنەکان

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عەبادی دەیەوێ چارەسەرکردنی مووچە بخاتە دوای هەڵبژاردنەکان
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بۆیان دەرکەوتووە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بخاتە دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە.

عەبدولعەزیز مەلا حەسەن، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، لەو کۆبوونەوانەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامیان دا، بۆیان دەرکەوتووە کە عەبادی ”هیچ نیازێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسی مووچە نییە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو پارەیەی بانگەشە دەکرێت گوایە بەغدا بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بەڵکوو ”بۆ لقێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان نێردراوە“.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (کوردستان 24) نەیشاردەوە کە عەبادی دەیەوێ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دوابخات کە بڕیارە لە 12/5/2018 ئەنجام بدرێت.

پێشتر شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند،: "(پێدانی مووچە دوای وردبینی، پارەم لە 2017 گل داوەتەوە بۆ ئەوەی خەرجی بكەم، پرسی فڕۆكەخانەكان تەواو ببێت ئەوا دەكرێنەوە)، هەموو ئەمانە قسەی عەبادین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ڕابردووشدا ئەوەندە درۆی لەگەڵدا كردووین، بۆیە هیچ متمانەمان بە قسەی نەماوە تا ئەوكاتەی قسەكانی دەبنە كردار".

دوێنێ شەممە 3/2/2018، ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە هەندێک لایەن لە ناوخۆی کوردستان داوایان لێی کردووە، مووچەی فەرمانبەران بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت.











باسنیوز
Top