لە پێنجوێن پۆلیسی دارستان چوار ڕاوچی دەستگیر کرد

لە پێنجوێن پۆلیسی دارستان چوار ڕاوچی دەستگیر کرد
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ژینگە و دارستانی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژە بە دەستگیرکردنی چوار راوچی دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 3/1/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئاماژە بەوە داوە، کە لەپێناو پارێزگاریکردن لەسروشت و ژینگەی ناوچەکەیان و ڕێگریکردن لە دیاردەکانی سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکانی پۆلیسی دارستان، لە دوو ھەڵمەتی جیاوازدا تیمەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن توانیان چوار ڕاوچی دەستگیر بکەن کەبەمەبەستی ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ھاتبونە سنوورەکەیان.


بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە چوار تاپڕ و ٣٧ گولەی تاپڕ، دەستی بەسەردا گیراوە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە پاش دەستگیرکردنیان دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و ڕادەستی دادگا کران بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.
bas news-
Top