لە دوێنێوە حەفت سەربازی تورك لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین كوژراون
لە دوێنێ هەینییەوە حەفت سەربازی سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین كوژراون، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری چەكدارە عەرەب و توركمانەكانی میلیشیاكانی (جەیشی حور) كە پێشڕەوی لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوندا، دوو سەربازیان كوژراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئاکامی پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە، سەربازێک گیانی لەدەست داوە و لە شاری کلیسیش لە ئاکامی هێرشی یەپەگەدا لە ناوچەی سنوورەوە، سەربازێکی دیکە گیانی لەدەست دا.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ هەینی پێنج سەربازی تورك لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین بەدەستی هێزەكانی یەپەگە كوژراون.
ماوەی دوو هەفتەیە توركیا لەشكركێشی بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە و تا ئێستە دەیان هاووڵاتی سیڤیلی كورد بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانیان گیانیان لەدەست داوە.
bas news-
