ئەمڕۆ ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکانی خورماتوو دیاری دەکرێت
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەی، ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە لە کۆبوونەکە، دەنگ لەسەر دیارییکردنی ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بارەی رووداوەکانی شاری خورماتوو بدرێت.
پێشتر، نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاندبوو: "پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری ئەوەی دابوو کە لێژنەیەکی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ڕووداوەکانی خورماتوو پێکبھێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە دەنگ لە سەر ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بدرێت بۆ ئەوەی وەک لێژنە دەستنیشان بکرێت و لێکۆڵینەوە لە دۆخی ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری شاری خورماتوو بکات".
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەستیان بە سووتاندن، بەتاڵانبردن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییانی کوردی شاری خورماتوو کرد.
ھاوکات، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تاوانی جەنگیان لە خورماتوو ئەنجام داوە.
لەلایەکی ترەوە بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێی بردنی نەوت بە شێوەی قاچاخ دەکرێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
