ئەمریكا: داواکارین پێش هەڵبژاردنەكان كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن

 ئەمریكا: داواکارین پێش هەڵبژاردنەكان كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن
جۆن سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا و هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، داوای لە هەردوو لا كردووە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان ڕێك بكەون.

سولیڤان، دووەم كەسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە: "كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام داوە و لەو كۆبوونەوەدا پەیوەندییەكانی هەردوو وڵاتمان لەڕووی بازرگانی و پەرەپێدانی ئابووریی عێراق تاوتوێ كردووە، هەروەها كۆبوونەوەمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكیوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجام داو و تێیدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندمان كرد".

لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی نەوتی كەركووك و پرسەكانی دیکەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە چوارچێوەی گفتوگۆكانمان بە جیا لەگەڵ عەبادی و بارزانی، دووپاتمان كردەووتەوە كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و بەتایبەت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

بۆ پرسی نەوتیش، ئەوەی گوت: "لەو بارەیەوە هەوڵ هەیە بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای كردووە، پێشبینیش دەكەین گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بن".

سەبارەت بە بوونی میلیشیا شیعەكان لە عێراق، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەوەی خستەڕوو، پێشتر عەبادی ڕای گەیاند كە داعش لە عێراق كۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت كە داعش كێشە دروست نەكاتەوە، پاشماوەكانی داعش كێشەیەكی بەردەوامن و ئەو هەڵانە دووبارە ناكەینەوە كاتێك كە هێزەكانی ئەمریكامان لە عێراق كشاندەوە، پاشان ئەوەمان بینی كە داعش لە ماوەیەكی زۆر كەمدا درووست بوون و ئەوانیش پاشماوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەن.

ئەوەشی گوت: "لەگەڵ حكوومەتی عێراق بابەتی هێزەكانی حەشدی شەعبیمان تاوتوێ كرد، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ رێكخستنەوەی هێزە ئەمنییەكانە و كار بۆ ئەو مەبەستەش دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو هێزانە كە (مەبەست لێی حەشدی شەعبییە) بگەڕێندرێتەوە بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی عێراق".

سەبارەت بە بوونی نفوزی ئێران لە عێراق، سولیڤان ئەوەشی ڕاگەیاند، مەترسیمان لەبارەی كاریگەرییەكانی ئێران لە عێراق و لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی هەیە و ئێمە نیگەرانین لە هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستێوەردانی لە شكۆی عێراق.










باسنیوز
Top