لە خورماتوو یەکێتی لەگەڵ عەرەبەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی هاوپەیمانی دەکات
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو، ڕاگەیاند: "ئێمە ھەر زوو بڕیارمان دا کە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین لە خورماتوو، چونکە لە ژێر داگیرکاریی حەشدی شەعبیدا ئەستەمە بتوانرێت خەڵک بە ئازادی گوزارشت لە ڕای خۆی بکات“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”کوردانی خورماتوو لە دوای داگیرکردنی شارەکەیان، لە 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکرای کرد، یەکێتی بڕیاری داوە بچێتە ناو ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی ”ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری“ پارێزگاری سەڵاحەدین.
لەمبارەیەوە شەلال عەبدول، قایمقامی لەکار لادراوی خورماتوو کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەکارەکەی لادرا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”من کاندیدی یەکێتیم بۆ پەرلەمانی عێراق، ھەروەھا کاندیمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا (زانیار ڕەشاد)ە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بەرنامەیان هەیە لەگەڵ ئەو لیستە هاوپەیمانی بکەن کە پارێزگاری سەڵاحەدین دروستی کردووە. گوتیشی: ”ڕێککەوتنێکی سەرەتاییمان لەگەڵدا کردوون".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پارێزگاری سەڵاحەدین بە تەواوەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حەشدی شەعبی و عەرەب و تورکمانەکانی خورماتوو کرد، بۆ وێرانکردن و کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر کوردانی شارەکە.
باسنیوز
