ئاماری قوربانییانی رۆژی 14مینی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاو دەکرێتەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەرەکە، کە رۆژی شەممە 3/2/2018 بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، سوپای تورکیا و توندڕەوانی سوپای سووریای ئازاد بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی عەفرین.
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، هێزە هێرشکەرەکان لە ناوچەکانی شارەدێی بلبلە و راجۆ ”کەمێک“ بەرەو پێش چوون و دەستیان بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە، ”18 هاووڵاتیی لە گوندەکانی بلبلە دەستگیر کراون“.
سەنتەرەکە ئاماژەی بە ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لە 14مین رۆژی هێرشەکە (رۆژی هەینی 2/2/2018) کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی تۆپباران و هێرشەکانەوە، کەسێک گیانی لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرش دەکەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
