سبەی سایلۆی سلێمانی دەتەقێندرێتەوه
وابڕیارە سبەی ھەینی (2/2/2018)بە ئامادەبوونی دەزگا ئەمنییهکان سایلۆی سلێمانی بتەقێندرێتەوە، بەرپرسرانی ئهو كۆمپانیایانهی كه ههڵدهستن به كاری تهقاندنهوهكه دهڵێن بەرپەرسیاریەتی ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەگرینە ئەستۆ.
رێباز هیوا رەئوف، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیای جێبهجێكاری تهقاندنهوهی سایلۆی سیلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سبەی سایلۆی سلێمانی تهقێنرێتهوه و دهڕوخێنرێت و له ئێستاوه هەموو ئامادەكارییەک بۆ ئەو مەبەستە کراوە".
گوتیشی: "تەقینەوەكە هیچ زیانێك بە دەوروبەری شوێنەكە ناگەیەنێت، ھەروەھا دەزگا ئەمنییەکان و تەواوی تیمە فریاگوزاریەکان لە نزیکی سایلۆی سلێمانی دەبن بۆئەوەی ھاوکاریمان بکەن".
لهلایهن خۆشیهوه ئاری ئەحمەد ئەندازیار و بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، رایگەیاند: "تەقاندنەوەی سایلۆی سلێمانی، بەھاوکاری كۆمپانیایەكی توركی لەگەڵ كۆمپانیای (ASI) ی- ئەمریكی دەبێت کە پڕۆسەی تەقینەوەكە بەشێوی كۆنترۆڵكراو ئەنجام دەدرێت، بەڵام سایلۆكە بە دینامیك دەتەقێنرێتەوە، نەك (TNT) ھەروەھا بڕەكەشی یەك تۆنەو پڕۆسەی روخاندنەكە یەك ملیۆن دۆلاری تێدەچێت".
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ سەلامەتی شوێنەكانی دەوروبەری سایلۆکە سێ بازنەی دیاری کراو دروستكراوە، بازنەی یەكەم بە تیرەی 200 مەتر بەرد پەڕین دەبێت، کە دەكەوێتە ناو پڕۆژەكەوە، بازنەی دووەم بە تیرەی 500 مەتر كاریگەری لەرینەوەی زەوی لەگەڵ دەنگ بازنەی سێیەمیش بە تیرەی هەزار مەتر كاریگەری خۆڵ و تەپوتۆزی هەیە، لایەنی ئەمنی كۆنتڕۆڵی ئەم سێ بازنەیە دەكەن و لەدوای ئەو سێ بازنەیە، خەڵك دەتوانن بوەستن و هاتووچۆ بكەن.
bas news-
