عەرەفات كەرەم: نەرمینواندنێك هەیە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە
لە دانیشتنی دوێنێ 31-1-2018ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەبارەی بوودجەی گشتیی ساڵی 2018ـەوە ئامادە بوو، بەڵام فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان دانیشتنەكەیان جێ هێشت.
دكتۆر عەرەفات كەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان پێشتر بەیاننامەیەكمان دەركرد لەبارەی بوودجەی ئەمساڵ و، داوای كۆبوونەوەیەكمان كردبوو لەگەڵ حەیدەر عەبادی تا بگەینە ڕێگەچارەیەك، دوێنێیش دانیشتەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان بایكۆت كرد و ڕامانگەیاند كە، ئێمە ئامادە نین دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە بدەین بەو شێوەیە، پاش ئەوەی حەیدەر عەبادی بینی وەكوو لایەنی كوردی ئامادە نین دەنگ بە بوودجە بدەین، پێی باش بوو لەگەڵ فڕاكسیۆنە كوردستانییەكاندا كۆ ببێتەوە ".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "بڕیارە سەعات (1)ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و ئەندامانی لیژنەی دارایی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆ ببینەوە بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرییەك لەسەر بابەتی بوودجە".
لەگەڵ گەییشتنی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2018ـی عێراق بە فەرمی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و كەمكردنەوەی پشكی كورد لە 17 لە سەدەوە بۆ 12.67 لە سەد، فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان داواكارییەكی 9 خاڵییان ڕاگەیاند، لەو بارەیەوە كەرەم گوتی، "دەبینین نەرمینواندنێك هەیە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە، چونكە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان كە نوێنەری پێنج ملیۆن كوردن، بایكۆت بكەن كەم نییە و دەنگدانەوەی خۆی دەبێت لە جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، بۆیە كاریگەریی خۆی هەبوو".
لەبارەی ئەوەی حەیدەر عەبادی داواكارییەكانی كورد جێبەجێ دەكات یاخود نا؟ ئەو دەڵێ، "ئومێدەوارین ئەمڕۆ بگەینە رێگەچارەیەك، هەر چەندە متمانەمان بە عەبادی نییە، بەڵام گفتوگۆ باشە بۆ ئەوەی لە یەكتری تێبگەین كە كێشە و كەموكوڕی لە كوێدایە و لای كێیە".
kdp-
