شاندی باڵای عێراق، ستایشی سیستمی بایۆمەتریی كوردستان دەكات
بە ئامانجی وردبینیكردن لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای وردبینیی مووچە، كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پێك هاتووە، كارەكانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی پێ كرد.
بە گەییشتنی شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی د. محەممەد عەبد عەتیە سەراج، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دیوانی وەزارەتەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا، دواتر لە دیدارێكدا لەگەڵ د. یووسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، هەروەك باس لە چۆنیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستییەكانی نێوانیان كرا.
لەو دیدارەدا، كە ئەمڕۆ پێنچشەممە (١/٢/٢٠١٨) بە ئامادەبونی ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان ساز كرا و، ئەندامانی لیژنەی وردبینیی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵایش ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی سێكتەرە جیاكانی خوێندنی باڵا و چۆنیەتیی پەرەپێدانی كرا.
لەو چوارچێوەیەدا، د. محەممەد عەبد، سەرۆكی لیژنەی باڵای وردبینیی حكوومەتی عێراق، كە لە هەمان كاتدا بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، باسی لە كارنامەی لیژنەكەیان كرد، هەروەك ئەوەیشی ڕاگەیاند، "لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوومان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابوورییش ئەنجام داوە".
د. محەممەد هەروەها ستاییشی جێبەجیكردنی سیستمی بایۆمەتریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی، "جیبەجێكردنی ئەو سیستمە لە كوردستان كارێكی زۆر گرینگە و، كارئاسانیی زۆر بۆ كارەكانی ئێمە دەكات. شاییستە داراییەكانی فەرمانبەری فیعلییش، وەك حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی بەغدا جەختی لەسەر كردووەتەوە، بە تەواوەتی پارێزراوە و مووچەی خۆی بە تەواوەتی وەردەگرێ".
لە بەرانبەردا، د. یووسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، "دەبێ هەمووان پێكەوە هەوڵ بۆ چارەكردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا بدەین، شكاندنی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوانمان كە بەم هەنگاوە دەستی پێ كردووە، دەبێتە هۆكاری ئاشكرابوونی ئاستی نیازپاكیی نێِوان هەردوو لا بۆ یەكتری".
دوابەدوای دیدارەكەیان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لیژنەكە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی دیوانی وەزارەت دەستیان بە كارەكانیان كرد.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، ئەندامانی لیژنەی وردبینی، وردەكارییەكانی كارەكانیان و داواكارییەكانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خستە ڕوو.
لە بەرانبەردا، لەلایەن بەڕێوەبەرە گشتییەكانی و بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەكانی دیوانی وەزارەتەوە زانیاری و داتای پێویست خرایە بەردەستی ئەندامانی لیژنەكە و، وەڵامی وردەكاریی پرسیارەكانیان دایەوە.
kdp-
