پەرلەمانتارێکی پارتی: ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی ھیچ کاتێک لەگەڵ کورددا نەبوون
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 31/1/2018ی پەرلەمانی عێراقدا، فراسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، بەهۆی ئەوەی عەبادی ئامادە نەبوو داواکارییەکانی کورد لە بودجەی 2018ی عێراق چارەسەر بکات، ئاڵا تاڵەبانی لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقدا مایەوە و دواتر ئاشکرای کرد کە پەرلەمانتاری دیکەشی لەگەڵدا ماوەتەوە. پێشتریش لەگەڵ شوان داودی چەندان هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نیشان دابوو.
لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "ئەوانە هەرگیز لەگەڵ کوردا نین و ئەوەش شتێکی نامۆ نییە کە نەھاتنە دەرەوە، ئەوان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان نین و ئەوەش یەکەم ھەڵوێستیان نییە، چونکە بەدرێژایی مێژوو ئەوانە لەگەڵ کوردا نەبوون".
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان چاوەڕێی مانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق کردووە. گوتیشی: ”ئێمە کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمان کە بابەتی بودجەی تێدابێ، ھەمووی بایکۆت دەکەین و بەشداری تێدا ناکەین".
ئەو دوو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە دڵسۆزییان بۆ عێراق ناسراون، بەڕادەیەک پێشتر ئاڵا تاڵەبانی ڕەچەڵەکی تاڵەبانییەکانی بردووەتەوە سەر هۆزی (بەنی ئەسەد)ی عەرەبی شیعە و شوان داودیش لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا کە بووە هۆی ڕادەستکردنی کەرکووک و خورماتوو و شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی کوردستان، لە وێنەیەکدا لەسەر مێزی نانخواردنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بەدەم پێکەنینەوە دەرکەوت.
باسنيوز
