ئەمڕۆ شەڕێکی سەخت لەنێوان یەپەگە و سوپای تورکیا دروست بووە

ئەمڕۆ شەڕێکی سەخت لەنێوان یەپەگە و سوپای تورکیا دروست بووە
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکە و بارەگاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بۆردومان دەکەن.

سەرچاوەکان لە سوپای سووریای ئازاد بە (ئەلعەرەبی جەدید)یان راگەیاندووە، لە سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 1/2/2018ـەوە ”شەڕێکی سەخت“ لە نێوان یەپەگە لەلایەک و سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لەلایەکی دیکە دەستی پێ کردووە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە شەڕەکە ئێستا لە گوندی شینگلێ لە شارەدێی راجۆ لە شاری عەفرین بەردەوامە.

ئەو ماڵپەڕە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە (ئەمڕۆ) فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 15 بنکە و بارەگای یەپەگەیان لە ناوچە جیاوازەکانی عەفرین بۆردومان کردووە.

رۆژی پێنجشەممە هەسەدە رایگەیاند، کە شەڕڤانەکانی هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا لە دوو ناوچە و 18 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرش دەکەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.













باسنيوز
Top