نەجات حەسەن: لە دەڤەری ڕاپەڕین بە پیلان دەیانەوێ پارتی بێھێز بکرێت
نەجات حەسەن، بەرپرس لقی ١١ی پارتی لە ڕاپەرین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین بووەتە قوربانیی حوکمڕانییەکی شکستخواردوو، لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە لە چەندین وێستگە بە پیلانی داڕێژراو ھەوڵی ئەوە دراوە، پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دەڤەرە بێھێز بکرێت، بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠١٤ بە پێی پیلانێکی داڕێژراو لە قەلادزە گرفتێکی گەورە دروست کرا و ژمارەیەک بارەگای پارتیمان کەوتە بەر ھێرش و پەلاماری ئاژاوەگێڕان، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە نەیانتوانی چارەی ئەو گرفتانە بکەن و ئاژاوەگێڕان بدەنە دادگا، بە پێچەوانەوە دیسان بە پیلانێک ژمارەیەک ھەڤاڵی ئیمە کرانە ئامانج و بە پێی ڕەوشی حوکمڕانیی ئەوێ لە دادگا دۆسییەیان بۆ کرایەوە."
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ڕووداوەکانی ڕۆژی ١٩/١٢ی ساڵی ڕابردوو ئیدارەی ڕاپەڕین خۆیان ئاگاداری ئێمەیان کردەوە لیژنەی ئەمنیی ناوچەکە توانای پارێزگاریکردنی خەڵکی نەماوە، لە ئەنجامی تەسفییە حیساباتی نێوخۆی ھەندێ حزب، پەلاماری ژمارەیەک بارەگا درا و سوتێندران، دوای ئەوەی لە ئێوارەی ھەمان ڕۆژ دا ھێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر بارەگای لقی ١١ی پارتیمان کرا و ئێستای ئاسەواری چوار ھەزار فیشەک بە بینای بارەگای لقەوە ماوە."
ئەمڕۆ بە ناوی ئیمزاکردنی ھەندێ پەڕاو بەرپرسی لیژنەی ناوچەی حاجیاوای پارتی دیموکراتی کوردستان بانگھێشتی بنکەی پۆلیسی شارۆچکەکە کراوە، بەڵام دواتر لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە، نەجات حەسەن گوتی: "ئیدارەی ڕاپەڕین بە ناوی سکاڵای خاوەن داواکان لە دادگا ھەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ی دووبارە کردووتەوە و دۆسییە بۆ ژمارەیەک ھەڤاڵی ئێمە دروست کراوە، یەکێک لەو کادیرانەی پارتی ھەڤاڵ محەمەد سێوکانی، بەرپرسی لیژنەی حاجیاوایە، ئەمڕۆ محەمەد سێوکانی لە لایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و پەیوەندیمان بە سەرکردایەتیی خۆمانەوە کردووە، تا سنوورێک بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت کە لە بەرانبەر پارتی لە سنوورەکە ئەنجام دەدرێت، ناکرێت خەڵکی بێتە سەرمان و تەقەمان لێ بکات و دواتریش دۆسییەی تاوانمان بۆ بکاتەوە."
لەبارەی کردنەوەی بارەگا سووتێندراوەکانیشەوە نەجات حەسەن گوتی: "ئێمە ئێستا بارەگای لقی ١١مان لە ناحیەیەکی سەر بە قەزای کۆیە داناوە و ھەرکاتێک سەرکردایەتی فەرمان بۆ کردنەوەی بارەگا لە ڕانیە دەربکات ئامادەین بەیانی بگەڕێینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە کاری پارتایەتیی خۆمان لە دەڤەری ڕاپەڕین ھەر بەڕێوە دەبەین."
kdp-
