بەرپرسی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی دەستی لەکار کێشایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە کاوە شێخ عەبدوڵا بەرپرسی پەیامنێران و بەشی پلاندانانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستی لەکار کێشایەوە و لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاند "دوای دوو ساڵ کارکردن لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەکو بەرپرسی پەیامنێران و بەشی پلاندانانی ژووری هەواڵ و ماوەیەکیش سەرنووسەر، ئەمڕۆ دوایین رۆژی کارکردنمە لەو کەناڵە".
ئاماژەی بەوەش دا "نە کێشەی شەخسیم هەیە نە کێشەی مووچە، بەڵکو ئەوەی هەیە ئێستە کەناڵەکە خراوەتە خزمەتی پرۆژەیەکی سیاسییەوە، منیش ناتوانم لەگەڵ میدیای وادا کار بکەم".
ئەمە لەکاتێکدایە ھەفتەی ڕابردوو کاوە ئەحمەد جێگری بەڕێوبەری کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لەگەڵ دانا ساڵح ڕۆژنامەنووسی دیار لە ژووری ھەواڵی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەھۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کەناڵەکە و دروستبوونی گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید، دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند.
پێشتر، سوھەیب شێخ ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)، ڕایگەیاندبوو "لەبەر ئەوەی وازم لە (نەوەی نوێ) ھێناوە و باسی خیانەت و بێ وەفایی شاسوار عەبدولواحیدم کردبوو، کە بەرامبەر خۆم و ھاوڕێیانم کردوویەتی، ڕاستەوخۆ بە فەرمانی شاسوار و لەلایەن مەم بورھان قانع بەڕێوەبەری (ئێن ئاڕ تی)، بە ناوی منەوە دەست لەکار کێشانەوەیان نووسیوە و واژۆیان کردووە".
جەختیشی کردبووەوە "وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای کەناڵەکە، بە ھیچ شێوەیەک دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە، بەڵام بە ھۆی کەوتنم و ئازاری ئەژنۆمەوە مۆڵەتی پزیشکیم وەرگرتبوو، کە چی ئەوان دەست لەکار کێشانەوەیان بەناوی منەوە نووسیوە".
باسنیوز
