CIA: هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکە بە واتای شەڕە لەگەڵ وڵاتانی دیکە

 CIA: هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکە بە واتای شەڕە لەگەڵ وڵاتانی دیکە
مایک پەمپیۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە وتووێژێک لەگەڵ تۆڕی میدیایی (بی‌بی‌سی) ئاشکرای کردووە هەندێ لە کردەوە و جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکە کە بۆ ناسەقامگیرییە، بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ وڵاتانی دیکە.

لەو دیدارەدا سەرۆکی (سی ئای ئەی) ڕوانگە ئەمنییەکانی ئەمریکای لەبارەی ئێران، سووریا و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆریای باشوور، ڕووسیا و چین خستە ڕوو و لەبارەی ئێرانەوە گوتی: "هەڕەشەی ئێرانی بێ چەکی ئەتۆم، گرفتێکی زۆر جیدییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکاش هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەبووڵ ناکات.

مایک پەمپیۆ، نیگەرانیی ئەمریکای لەبارەی پێگە و نفووزی ئێران لە سووریا نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی و گوتی: "ئەمریکا چەندان ڕێکار و ئامرازی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پێگەی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکە لەبەردەستە".

سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لەبارەی ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان سعوودیە و ئێران گوتی: "زۆر نیگەرانین، دەبێ لەوە خاترجەم بین کە هیچ شتێک ڕوو نادات و باشترین ڕێگەی دڵنیابوون لەمبارەوە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران لەوە تێ بگەن کە ئەو ڕووداوە لە قازانجیان نییە".

هاوکات ئاماژەی بە ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی ئەمدوایەی ئێران کرد و گوتی: "خەڵکی ئێران لەوە تێدەگەن کە ئەو پشێوی و ئاڵۆزییانە لە قازانج نییە و دەیان ملیۆن دۆلار تێچووی بۆیان دەبێت".

لە بەرانبەر ئەو لێدوانەی سەرۆکی (سی ئای ئەی)دا "بەهرام قاسمی" گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ئەو قسانەی بە دژە ئێرانی لەقەڵەم داوە و گوتی: "ئەوا لێدوانانە دەستیوەردانە لە کاروباری ئێمە و ئێران هەموو کات ڕێزی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتانی دراوسێ و ناوچە هەبووە و ئەمە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئامانجی ئەمریکا لەم کارانە نانەوەی دووبەرەکێیە لە نیوان وڵاتان و گەلانی ناوچەکە".






باسنيوز
Top