پەرلەمانتارێکی پارتی: گۆڕان بۆ موزایەدە ھەوڵی تێکدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی داوە

 پەرلەمانتارێکی پارتی: گۆڕان بۆ موزایەدە ھەوڵی تێکدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی داوە
جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، چوونە دەرەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەو بابەتەی تایبەت بوو بە عەفرین ھەمووی موزایەدەی سیاسی بوو، دەیانویست کۆبوونەوەکە تێک بدەن و ئەو ڕاسپاردانەی کە دوێنێ دەرچوو، نەکرێت.

نازم ھەرکی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ڕايگەیاند: "چوونە دەرەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 30/1/2018ی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا موزایەدەی سیاسیی دوور لە خزمەتی گەلی کوردستان بوو“.

پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئاخۆ ئەو هەڵوێستەی گۆڕان ئێستا بۆ عەفرین داوای دەکات، بۆچی ”پێش ماوەیەک بۆ کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکان کە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە داگیر کران، نەبیندران؟ بۆ داوای کۆبوونەوەی نائاساییان نەکرد؟ ئەگەر ئەوەندە بەپەرۆش و خەمخۆر بوونایە، دەبوو وەک فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان بەشدارییان لە نووسینەوەی ڕاسپاردەکان بۆ عەفرین بکردایە و ھاوشێوەی فراکسیۆنەکانی دیکە ڕاپۆرتی خۆیان خوێندبایەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان کردوویەتی، ”بۆ چەواشەکردنی خەڵک بووە و نەیانویست بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەرگری لە عەفرین بکرێت“. گوتیشی: ”دەیانەویست کۆبوونەوەکە تێک بدەن و نەکرێت و ڕاسپاردەکانیش دەرنەچێت، ھەروەھا دەیانەویست بابەتەکە ھاوشێوەی بابەتی کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی لێ بێت، ئەوەش جێگای داخە".










باسنيوز
Top