ڕابوون مەعرووف خۆی بە نەوشیروان مستەفا بەراورد دەکا و گۆڕانخوازان نیگەران دەبن
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕابوون مەعرووف کە ئێستا لە گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید دایە، لە نووسینێکدا خۆی بە نەوشیروان مستەفا بەراورد کرد و باسی لە چوونە پاڵ گرووپە تازەکەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”نەوشیروان مستەفا سەرەتا بیری چەپ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دواتر قوتابیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتر کۆمەڵەی مارکسی لینینی (ماوی) و یەکێتیی نیشتمانی، پاشان کۆمەڵەی ڕەنجدەران (مارکسی لینینی) و دواتر حەلکردنی کۆمەڵە و تەنھا یەکێتیی سۆسیال دیموکرات، دواتر بێھیوا بوون لە یەکێتی کە خۆی لە دامەزرێنەرانی بوو، ئینجا بزووتنەوەی گۆڕان“.
لە بەرامبەر ئەو نووسینە و بەراوردکارییەیدا، گۆڕانخوازان نیگەران بوون. لەمبارەیەوە نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە ڕابوون مەعروف کەوتووەتە ململانێیەکی توند بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفاوە، بەڵام ھێرشەکانی ڕابوون مەعروف، بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ مانایەکی نییە".
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو: ”ڕابوون مەعروف کە خۆی بە کەسێکی ڕۆشنبیر، مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتار دەزانێت، ئێستا کەوتووەتە ململانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، لەکاتێکدا کە ئەو سەرکردەیە لە ژیاندا نەماوە“.
باسیشی لەوە کرد کە گۆڕان وەڵامی سەرۆکی ئەو گرووپە ناداتەوە کە ڕابوون مەعرووف لێی کار دەکات، بۆیە وەڵامی ئەویش ناداتەوە و گوتی: "گۆڕان وەڵامی قسەکانی شاسوار عەبدولواحید ناداتەوە، چونکە دەزانین قسەکانی ھێندە نەشازە قابیلی وەڵامدانەوە نییە".
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان پێیوایە دەبووایە ڕابوون مەعرووف ”فێری پەروەردەیەکی جوانی بزووتنەوەکە“یان ببووایە. دەشڵێ: ”ئەگەر گۆڕان نەبوایە، ھیچ کاتێک وەکو پەرلەمانتار باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستانی نەدەبینی“.
لە کۆتاییشدا نەسرین جەمال جەختی لەوە کردەوە: ”رابوون مەعرووف، مافی ئەوەی نییە خۆی بە نەوشیروان مستەفا بەراورد بکات، چونکە لەو ئاستەدا نییە و پێویستە خۆی بە شاسوار عەبدولواحید بەراورد بکات، دواجار ھەر کەسێک لە ھەرشوێنێک کاری کرد، باشتروایە ھاوڕێکانی وەک پەیژەیەک تەماشا نەکات، چونکە ھەر کاتێک کەوتە خوارەوە بە قورسی دەکەوێتە سەر زەوی".
باسنیوز
