فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوای بەڵێن لە عەبادی دەکات
لەو دانیشتنەدا، کە بڕیارە پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٣١/١/٢٠١٨ ئەنجام بدرێ، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، دەکرێت.
نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری کورد بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پێش کۆبوونەوەکە سەرۆکی کوتلە کوردستانییەکان کۆ دەبنەوە و بڕیار لەبارەی بەشداریکرسن یان نەکردنی کورد لەو دانیشتنە، دەدەن.
نەجیبە نەجیب ھەروەھا رایگەیاند، ئەگەر حەیدەر عەبادی بەڵێنیدا پرۆژەیاساکە ھەموار بکاتەوە و مافەکانی ھەرێمی کوردستانی تێدا بچەسپێنێت، ئەوا بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن و لە ئەگەری پێچەوانەشدا، لە ھیچ دانیشتنێکی تایبەت بە بودجەدا، بەشداریی ناکەن.
حەیدەر عەبادی رۆژی سێشەممە ٣٠/١/٢٠١٨ لە پرێس کۆنفرانسی ھەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، بەشداریی دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و ئامادەیی خۆشی بۆ ھاوکاریکردنی لێژنەکانی پەرلەمان نیشانداوە.
رۆژی دووشەممە ٢٩/١/٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتووی وڵاتەکەی کرد، سەرەڕای بایکۆتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی پێکھاتەی سوننە.
باسنيوز
