لیژنەی نەوت و غاز: نەوتی کەرکووک بە دەست حکوومەتی عێراقەوە نییە.. گەندەڵکاران دیار نین

 	 لیژنەی نەوت و غاز: نەوتی کەرکووک بە دەست حکوومەتی عێراقەوە نییە.. گەندەڵکاران دیار نین
سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، زیاتر لە 2 ملیار دۆلار زیان بەر نەوتی كەركووك كەوتووە. ئەندامێكی هەمان لیژنەیش دەڵێ، پێویستە ناردنی نەوت بۆ دەرەوە لە رێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمەوە بێت و، ئەوەی ئێستایش بە تەنكەر دەنێردرێت، بۆ داپۆشینی گەندەڵییە.

پێش ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك ٣٠٠ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردەی دەرەوە دەكرا و، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەو داھاتە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی دابین دەكرد و مانگانەیش ١٠ملیۆن دۆلاری وەكوو پارەی پترۆدۆلار دەدا بە پارێزگای كەركووك، بەڵام لەدوای ئەو ڕووداوانە، ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە راگیرا و لە ئێستادا بەتەنكەر بۆ وڵاتی ئێران ھەناردە دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەحمەد عەسكەری، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە، بۆیە ئەگەر بگەنە رێككەوتن ئەو كات جارێكی دیكە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردەی دەرەوە دەكرێت و كۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی دەكات" .

لەبارەی ئەو نەوتەی بە تەنكەر دەروات بۆ ئێران كە عێراق رێككەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئیمزا كردووە، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز گوتی، "عێراق رێككەوتنی لەگەڵ ئێران كردووە و لە سەرەتای مانگی داھاتوودا دەست بە ھەناردەكردنی نەوتەكە دەكرێت، ئەگەر نەوت لە رێگەی بۆرییشەوە ھەناردە بكرێت، لە رێگەی تەنكەریشەوە بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەو تەنكەرانەی كە خەڵك دەیانبینن، ٤٠ھەزاری بۆ پاڵاوگەی كەڵەك دەگوازنەوە و ٢٠ھەزار بۆ دوكان و ٢٥ھەزاریش بۆ كۆمپانیای قەیوان و ٢٠ھەزاریش بۆ پارێزگای بەغدا دەگوازنەوە، رەنگە لە نێوان ئەمانەیشدا تەنكەری دیكە ھەبن بە ناوی پاشماوەی نەوتەوە بەرهەمی نەوت بفرۆشن و گەندەڵی تێدا بكرێت و كەسەكانیش دیار نین، چونكە تا ئێستا حكوومەتی عێراق دەستەڵاتی بەسەر ئەو نەوتەدا نییە".
سەبارەت بەو زیانەی بەر نەوتی كەركووك كەوتووە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، عەسكەری ڕوونی كردەوە، "زیانی زۆر بەر نەوتی كەركووك كەوتووە بە ھۆی راگرتنی ھەناردەكردنی بۆ دەرەوە، كە لە ماوەی ئەم سێ مانگەی رابردوودا بە زیاتر لە 2 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، چونكە بەرھەمی رۆژانە كە ھەناردەی دەرەوە دەكرا، ٣٠٠ھەزار بەرمیل بوو و ھەر بەرمیلێكی بە ٦٠دۆلار دەفرۆشرا و ئێستایش بووەتە ٧٠دۆلار، بۆیە ئەمە ھەمووی زیانە بەر نەوتی كەركووك كەوتووە و، گەر ئەو پارەیە درابا بە ھەرێم، رەنگە كێشە داراییەكەی چارە بووایە".

لای خۆیشیەوە، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك فوئاد حوسێن، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە تەنكەر، زیانی لە قازانجی زیاترە و پێنج رۆژی پێویستە تا لە كەركووكەوە دەگاتە ئێران كە بە سەدان تەنكەری پێویستە و رێگاوبان تێك دەدات و زیانی بۆ سرووشتیش ھەیە، جگە لەوەیش رێگا بۆ ئەنجامدانی گەندەڵییش خۆش دەكات، بۆیە ئەوەی دەكرێت زیاتر بۆ گەندەڵییە، ئەگەرنا پلان ھەیە نەوتی كەركووك بۆ ٧٥٠ھەزار بەرمیل زیاد بكرێت، ئەمە ئەگەر بە بۆڕی نەبێت، لە رێگەی تەنكەرەوە ناكرێت، بۆیە ئەوەی دەكرێت بۆ چاوپۆشیكردنە لە گەندەڵی".
حوسێن گوتیشی، "حكوومەتی عێراق ئەگەر دەستەڵاتیشی بەسەر ئەو نەوتەدا نەبێت، خۆیان لێی بەرپرسیارن، چونكە ھیچ پرسێك بە ئێمەیش ناكەن وەكوو ئەنجوومەن و ئەگەر رێككەوتنیش بكرێت، ناكرێ لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی بێت و پێویستە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم بێت، چونكە ناوچە جێناكۆكەكان پێویستە بە ھاوبەشی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بەڕێوە ببردرێن".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا، ھەر رێككەوتنێك بكرێت بەبێ ھەرێمی كوردستان بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە، سەركەوتوو نابێت، چونكە دواجار نەوتی كەركووك لە رێگەی خاكی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردە دەكرێت.
KDP -
Top