فڕاکسیۆنی پارتی لەبارەی عەفرینەوە: پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بیانوو نەدۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣٠ی ١ی ٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (٥)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم پەیوەست بە دۆخی عەفرین و پرسگەلێکی دیکە لە کۆبوونەوەدان، ھەریەک لە فراکسیۆنەکان پەیامی خۆیان دەربارەی عەفرێن پێشکەش دەکەن.
لەبارەی بایکۆتی فڕاکسیۆنی گۆڕانەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەعفەر ئێمینکی ڕایگەیاند: "با بابەتەکە بەلاڕێدا نەچێت و نەبێتە موزایەدە. لەبەرچاوی ئێمە دۆخێکی زۆر خراپ بەسەر بەسەر خورماتوو و کەرکووکدا ھاتووە، با برینەکان نەکەینەوە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان داوایان کرد دانیشتن بکرێت؟ ھیچ داوایەک بە دەست ئێمە نەگەیشت."
ئێمینکی هەروەها ڕایگەیاند: "سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری ناوچە کوردستانییەکانیان دا و داگیریان کرد، بەڵام داوای کۆبوونەوە نەکرا. ئەوەی بە پەرلەمان بکرێت بۆ عەفرین، بەئاگاخستنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانە. ھەرێمی کوردستان دەتوانێ چیی بۆ عەفرین بکات جگە لە پەیامی سیاسی و پشتیوانی؟"، گوتیشی، با قەبارەی بابەتەکە وەکوو خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، نەک مزایەدەی سیاسی پێوەبکرێت."
لە کۆبوونەکەدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی فراکسیۆنەکەیان لەلایەن ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆن پێشکەش کرد و، لە بەشێکیدا ڕایانگەیاند: "عەفرین خەمێکی قووڵە، بەڵام ئێمە پێش عەفرین ڕووبەڕووی کارەسات و خەمێکی قووڵتر بووینەوە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر.
پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و بیانوو نەدۆزنەوە بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد، ناوچەکە تەحەممولی شەڕی نوێ ناکات، شەڕ قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە."
خۆشناو، لە دیدی یاسایی بۆ شەڕی تورکیا دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "ھەموومان دەزانین کە یاسای ڕێکخستنی پەیوەندی نێو گەلان و دەوڵەتان، جەخت لە ھێنانەوەی خواستی گەلان دەکات تا لە ئاشتی و تەبایی و دراوسێیەتی بەشدار بژیێن."
فراکسیۆنی پارتی لە بارەی پاساوەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند: "تورکیا چەمکەکانی وەک بەرگری لەخۆکردن و پاکتاوکردنی تیرۆر و مێژووی مانەوەی نەتەوەی تورک و لە ناوبردنی گرووپی بێ ناسنامە، وەک پاساو بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ و بەرپاکردنی جەنگ لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەکار دێنی."
ئەوە بۆ ١٠ ڕۆژ دەڕوات، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر عەفرین کە تورکیا بە "چڵە زەیتوون" ناوی دەبات، دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنەکە مەترسیی ئاوارەبوونی لەسەر دەیانهەزار ھاووڵاتیی شارەکە دروست کردووە.
KDP -
