کەمیی یۆد ئەگەری دووگیانبوونی خانمان بۆ نیوە کەمدەکاتەوە
توێژەرەکان بەدواداچوونیان بۆ 500 خانم کردووە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ خواستی درووستکردنی منداڵیان هەبووە. لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەی بڕی یۆد لە جەستەیاندا کەمبوو، توانایان بۆ درووستکردنی منداڵ بە راددەی 46% کەمیکرد.
جەیمس مێڵز، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دەڵێ "تووشی سەرسوڕمان بووین لە بەربڵاویی گرفتی کەمیی یۆد لە خانماندا، ئەوەش جێگەی سەرسوڕمانی ئێمە بوو کە بۆمان دەرکەوت لە هەر سووڕێکی مانگانەدا کەمی یۆد ئەگەری دووگیانبوون بۆ نزیکەی نیوە کەمدەکاتەوە".
بەپێی توێژینەوەکان، نزیکەی سێیەکی خانمان بڕی پیویستی یۆد لە جەستەیاندا نییە، کە سەرچاوە گرنگەکانی بریتین لە ماسی، خواردنە دەریاییەکان، شیر و بەرهەمە شیرەمەنییە جیاوازەکان. ئێستا رێژەیەک یۆد دەکرێتە خوێی چێشت، بەڵام توێژەرەکان دەڵێن ئەو بڕەی دەکرێتە خوێ، بەشی پێداویستی خانمێکی پێگەیشتوو ناکات.
مێڵز گوتووشیەتی "تاکو ئیستا بۆ ئەو خانمانەی پلانی دووگیانییان هەیە، گرفتی کەمیی یۆدی جەستەیان بەهەند وەرنەگیراوە، بۆیە باشترە لەمەودوا لە هەڵبژاردنی خۆراکدا، سەرنج لەم بابەتەش بدرێ، هەروەک دەتوانرێ بەشێوەی تەواوکەری خۆراکیی وەربگیرێ".
توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (Human Reproduction) بڵاوبووەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەیپێکردووە.
RUDAW -
