بەهۆی دەرکەوتنی ناوی "ئەڵڵا" لەسەر گۆرەوییەک کۆمپانیایەک داوای لێبووردنی کرد
کۆمپانیای "ئێچ ئاند ئێم" مانگێک پێش ئێستا بەهۆی دانانی وێنەی منداڵیکی رەشپێست و نووسینی ناوی مەیموون لەسەر جۆرێکی جلوبەرگی منداڵان داوای لێبووردنی کرد، ئەمجارەش بەهۆی دەرکەوتنی ناوی "ئەڵڵا" لەسەر گۆرەوییەکی منداڵان دووبارە داوای لێبووردنی کردەوە.
ئەو جۆرە گۆرەوییەی کۆمپانیای ئێچ ئاند ئێم (H & M) خستوویەتییە بازاڕەوە تایبەتە بە منداڵان. بەشێک لە کڕیاران دەڵێن، لەسەر گۆرەوییەکە وشەی "ئەڵڵا - اللە" بە زمانی عەرەبی دەرکەوتووە.
گوتەبێژی "ئێچ ئاند ئێم"ی سوێدی دەڵێت، وێنەی سەر گۆرەوییەکە منداڵێکی میکانۆییە کە درێلێکی بەدەستەوەیە، ئەوان مەبەستیان هیچ ئاماژەیەکی دیکە نەبووە لە دانانی ئەو وێنەیەدا.
گوتەبێژی "ئێچ ئاند ئێم" دەڵێت "ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمێک بخەینە بازاڕەوە جێگەی رەزامەندی کڕیارەکانمان بێت، ئەو وشەیەی لەسەر ئەو جۆرە گۆرەوییە دەرکەوتووە پیشاندانی میکانۆیەکە، هەر مانایەکی دیکەی هەبێ بەتەواوی بە رێککەوتە و ئێمە داوای لێبووردن دەکەین ئەگەر ئەوە بووبێتە هۆی نیگەرانکردنی هەر کەس".
کۆمپانیا سوێدییەکە بڕیاریداوە ئەو جۆرە گۆرەوییە لە بازاڕەکان بکشێنێتەوە.
مانگی رابردوو کۆمپانیاکە لە رێکلامێکدا وێنەی منداڵێکی رەشپێستی دانابوو، کە لەسەر جلوبەرگەکەی نووسرابوو "ژیکەڵەترین مەیموونی ناو دارستان". بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنگرانی یەکسانیی رەگەزیی رەخنەی تووندیان لە کۆمپانیاکە گرت و رێکلامەکەیان بە مایەی "شەرم و رەگەزپەرستانە" وەسفکرد.
RUDAW -
