مەسرور بارزانی: سەپاندنی گۆڕانکاری دیموگرافی لە هیچ ناوچەیەک قبووڵ ناکرێ
ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مەتران نیکۆدیمۆس داود شەرەف، مەترانی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی سریانی لە هەرێمی کوردستان و مووسڵ و کەرکووك کرد، لە دیدارێكدا دووپاتی كردەوە كە سەپاندنی گۆڕانکاری دیموگرافی لە هیچ ناوچەیەک قبووڵ ناکرێ
لە دیدارەكەدا دۆخی ناوچەکە و دەشتی نەینەوا و رەوشی ئاوارە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
مەتران داود شەرەف سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە کە هەمیشە پاڵپشت و پەناگەی کریستیانەکان لە عێراقدا بووە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەو گوشارانەی لە سەر هەرێم هەن کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاشتی و ئارامی بۆ تێکڕای ناوچەکە بگەرێندرێتەوە.
هەر لە پەیوەندی بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە لە هیچ بارودۆخێکدا کولتووری لێبووردەیی و پێکەوە ژیان لە کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەردا ناهێت و هەرێمی کوردستان هەمیشە ناوەندی پێکەوە ژیانی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.
لە بارەی رەوشی دەشتی نەینەواشەوە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێ هەوڵی ئاشکرا لە ئارادان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و کەشێک دروست کراوە کە برا کریستانەکان ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بەجێ بهێڵن.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم گوتی "ئەم هەوڵانە کە لە چوارچیوەی هەڵمەتی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکانی دیکەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێن و پاڵپشتیمان بۆ برا کریستانەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە گەل سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا".
bAS NEWS -
