کۆنگرەی سوچی بە فەرمی دەست بەکارەکانی دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا رووسییەکان، لێژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە رایگەیاندووە، بەشداربووان، کە ژمارەیان 1511 کەس، کە 107یان نوـینەری ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەن، لە هەموو پێکهاتە تائیفی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا پێکهاتوون.
رۆژی سێشەممە 30/1/2018، کۆگرەکە بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات و نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش لە جنێڤ لە سویسرا، قاهیرە لە میسر، مۆسکۆ لە رووسیا و ئەنقەرە لە تورکیا گەیشتوونەتە شاری سوچی.
هەروەک میدیا رووسییەکان بڵاویان کردووەتەوە، %94.5ـی بەشداربووانی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا لە عەرەبی سووریا پێکهاتوون و رێژەکەی دیکەش لە کوردی موسڵمان و ئێزدی، ئاشووری، ئەرمەن، چەرکەس، داغستانی و تورکمان پێک هاتووە.
بڕیارە کۆنگرەکە بە وتارێکی ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ، نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا لە سووریا، دەست بە کارەکانی بکات.
ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانیی سووریا و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رەتیان کردووەتەوە بەشداریی کۆنگرەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا، بکەن، کە رووسیا سەرپەرشتیی دەکات و لە شاری سوچی لە باشووری رووسیا ساز دەکرێت.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
BAS NEWS -
