شاندێكی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی پێنج وەزارەت گەیشتە هەولێر

 شاندێكی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی پێنج وەزارەت گەیشتە هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 30/1/2018، شاندێكی دیكەی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی پێنج وەزارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە هەولێر.

ڤیان جاف، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "شاندەكەی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پلاندانان و شارەوانی و بازرگانی و كشتوكاڵ سەردانی هەولێر دەكەن و شاندەكەش بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەولێر دەمێننەوە".

بەپێی زانیارییەكان ئێستا شاندەكەی بەغدا لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و بڕیارە لەگەڵ نوێنەرانی ئەو پێنج وەزارەتە كۆببنەوە بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی ئەو وەزارەتانە.

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بڕی 250 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.










باسنيوز
Top