ھاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەک بۆ شۆفێران بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 30/1/2018، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند خاڵێک دراوە.
دەقی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی:
لەبەر باشتر بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان (بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی) بڕیاری دا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە جێبەجێ بکات:
1. ھەر کەسێک بیەوێت کاری جوڵاندن و مامەڵەی ھاوڵاتیان بکات لە بەڕێوەبەرایەتیمان، پیویستە بریکارنامەی یاسایی ھەبێ و لە دادنووس دەرچووبێت و تایبەت بێت بە کارەکە.
2. لیستێک ئامادە دەکرێت بەناوی ئەو کەسانەی مامەڵەی ھاوڵاتییان دەکەن، زانیاری تەواویان وەربگیرێ و دواتر باج دروست بکرێ بۆیان وە لەکاتی ھاتن و مانەوەیان لە ھاتووچۆ بە سنگیانەوە ھەڵبواسرێت.
3. ڕێگە نەدرێ بەو کەسانەی مامەڵەی جوڵاندنی ھاوڵاتیان دەکەن بچنە ئەودیو کەوانتەرەکان، وەک ھەر ھاوڵاتییەکی تر سەرە بگرن و کاریان بۆ بکرێت.
4. ڕێگەدان بە کەس و کاری پلەیەک مامەڵەی یەکتری بکەن لە پشکنینی ئوتومبیل و تازەکردنەوەی سالانەو کارەکانی تر یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، وە ھەر کەسێک پسووڵەی وەرگرتنەوەی پێبێت دەکرێ ساڵانە یان مۆڵەتی شۆفێری وەربگرێتەوە، ئەگەر زاندرا کەسێک ئەم کارەی قۆستۆتەوە بۆ سوودی کەسی خۆی و کردوویەتی بەکاری ڕۆژانەی پێی نەدرێتەوە.
5. دەکرێ تەنھا بۆ مراندنی ئوتومبیل ڕێگەبدرێ بەو کەسانەی کاری جولاندنی مامەڵەی ھاوڵاتییان دەکەن، وە لە دوو مامەڵە لەیەک ڕۆژدا زیاتر کاریان بۆ نەکرێت.
6. پرسگەی بەڕێوەبەرایەتیمان، ھیچ کەسێک نەکاتە ژوورەوە ئەگەر مامەڵەکەی بەناوی خۆی نەبوو یان بریکارنامەی پێ نەبوو.
7. ھەر ئەفسەر و کارمەندێک کارئاسانی زیاد لە پێویست بۆ ھەر کەسێک بکات کە کاری جوڵاندنی مامەڵەی ھاوڵاتییان دەکەن، لە شوێنەکەی دوور دەخرێتەوە.
8. ئەو کەسانەی کاری جووڵاندنی مامەڵەی ھاوڵاتییان دەکەن، پێویستە ئەستۆپاکی لایەنی ئاسایش و پۆلیسی بەڵگەوتاوان بھێنن.
باسنيوز
