ژمارەیەک کادیری یەکێتی لە مەخمووریش چاوساخی بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی دەکەن

 ژمارەیەک کادیری یەکێتی لە مەخمووریش چاوساخی بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی دەکەن
ژمارەیەک کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارۆچکەی مەخموور، چاوساخی بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی دەکەن کە لە بەرگی پۆلیسی ئیتیحادیدا ماڵی هاووڵاتییانیان پشکنی و دواتر سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستگیر کرد.



پاش ئەوەی (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە ڕۆژی یەکشەممە 28/1/2018، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە بەرگی پۆلیسی ئیتیحادی، گەڕەکی کوردستانی مەخمووریان پشکنیوە، بە بیانووی گەڕان بە دوای چەک و جلوبەرگی سەربازی. ئەمڕۆ سێشەممە 30/1/2018، عەبدوڵا تاھیر، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخمور، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو ھێزانەی کە ئێستا لە مەخموورن، ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە گەڕەکی (کوردستان)ی مەخموور ئەنجام داوە کە کەسانێکی دەمامکدار لە نێو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیاندا بوون و ماڵ بە ماڵ گەڕاون و ئاماژەیان بۆ ئەو ھێزانە کردووە کە کام ماڵ بپشکنن، بەڵام ئەو کەسانە نەناسراو بوونە".



ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو کەسانە شارەزای گەڕەک و ماڵەکان بوونە.



هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە لەو هەڵمەتەی حەشدی شەعبیدا، ژمارەیەک کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چاوساخییان بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە و ئەو کەسە دەمامکدارانەی نێو ئۆتۆمبێلەکان، کورد بوون و کادیری یەکێتی بوون.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”لە هەڵمەتەکەدا سێ ئەندامی پارتی دەستگیر کراون و دوای لێکۆلینەوە و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، ئازاد کراون“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە سێ کادیری یەکێتی چاوساخییان بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە و ماڵ بە ماڵ زانیارییان لەبارەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی مەخموور بە حەشدی شەعبی داوە.



دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش، ژمارەیەک کادیری یەکێتی بە فەرمانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، چاوساخییان بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی کرد و ماڵی ئەو کوردانەیان نیشان دان کە لایەنگری حزبە سەربەخۆخوازەکانی هەرێمی کوردستانن، بە تایبەتیش لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.




باسنيوز
Top