سەرکردەیەکی یەکێتی: چەندان کەسی گۆڕان بە پلەی وەزیر و بەرزتریش خانەنشین کراون

 سەرکردەیەکی یەکێتی: چەندان کەسی گۆڕان بە پلەی وەزیر و بەرزتریش خانەنشین کراون
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خۆی بەبێ ئەوەی وەزیر بووبێت، بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە، بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی گۆڕانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە چەندان کەس لەنێو گۆڕاندا بە پلەی وەزیر و بەرزتریش خانەنشین کراون.



دوای ئەوەی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، نووسراوی خانەنشینکردنی محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بڵاو کردەوە و تێیدا دەرکەوت کە بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە. محەمەد وەتمان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە، بڕیاری خانەنشینبوونەکەی لە ساڵی ٢٠١٠ەوە هەیە و زوو زوو تازە دەکرێتەوە.



بە قسەی ئەو، هێشتا بڕیارەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ”ھیچ مووچەیەکم وەرنەگرتووە“. ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی، دەشڵێت: ”ئەگەر مووچەیەکیشم هەبێت، بەشایستەی خۆمی دەزانم، لەپای ئەوەی ھەموو تەمەنم بەکورد و کوردستان بەخشیوە“.



لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکەش لەلایەن پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕانەوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاشکرای کردووە، لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا چەندان کەس بە پلەی وەزیر و بەرزتریش خانەنشین کراون، کە ”لەوانەیە شایستەی ئەو پاداشتە نەبن“.



لە هەرێمی کوردستاندا هەزاران هاووڵاتی بە پلەی تایبەت و جۆراوجۆر و بەشێوەی نایاسایی خانەنشین کراون کە بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بارێکی گرانیان لەسەر حکوومەت درووست کردووە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی تایبەت بە چاکسازیکردن لە پرسی خانەنشینی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردووە.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، بەهۆی ئەوەی لە کۆی نزیکەی ١٥٠ هەزار خانەنشینی پلە تایبەت و نایاسایی، ١٠٠ هەزاریان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دان و لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دان، بۆیە ئەو دوو لایەنە بە شێوەی کرداری و لە پەرلەمانی کوردستاندا ڕێگە بە چاکسازیکردن لە مووچەی خانەنشینی نادەن.



باسنیوز
Top