حکوومەت ھۆشداری بە فەرمانبەران دەدات
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، ئاماژە بە وەرگرتنی ڤیزا لەلایەن فەرمانبەران کراوە.
لە بەشێکی ئەو بەڵگەیەدا کە نووسراوێکە و بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان رەوانە کراوە، ھاتووە: "ژمارەیەک لەو فەرمانبەرانەی کە بە ھۆکاری جیاجیا لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکان پێشتگیری دەکرێن بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیزا، پاش ئەوەی سەفەری ئەو وڵاتانە دەکەن، لەوێدا داوای مافی پەنابەرێتی یان نیشتەجێبوون دەکەن، ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر ناو و ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و میسداقییەتی دامودەزگاکانی کردووە“.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە، لە کاتی پێدانی پشتگیری بۆ وەرگرتنی ڤیزا، دەبێ فەرمانگەکان زۆر رێکار ھەیە بیگرنە بەر، لەبارەی رێکارەکاندا ھاتووە: "لە کاتی داواکارکردنی ڤیزا، سەفەری وڵاتان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت پێویستە پاش دڵنیابوون لە راستی و دروستی و مەبەستی داواکردنی ڤیزا، لەم دۆخەدا زیاتر دۆخی نەخۆشی لەبەرچاو بگیرێت“.
ئەوەش روون کراوەتەوە، ئەگەر داواکردنی ڤیژاکەش بۆ نەخۆشی و بواری مرۆیی بێت، دەبێ فەرمانبەر بەڵێننامەی فەرمی و پشتڕاستکراو لەلایەن فەرمانگەکانی دادنووسەوە پێشکەش بکات: "دەبێ فەرمانبەر لەو بەڵێننامەیە بەڕوونی ئاماژە بە ناوی ئەو وڵاتە بکات کە دەیەوێت بۆی بچێت، لەگەڵ ھۆکاری چوون و بەڵێنیش بدات کە پاش تەواوبوونی کارەکەی لەو وڵاتە، پێش تەواوبوونی ماوەی ڤیزاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بە ھیچ شێوەیەک داوای مافی پەنابەری و نیشتەجێبوون لەو وڵاتە نەکات کە بۆی دەچێت".
حکوومەت دووپاتی کردووەتەوە، ئەوەی ئەو بەڵێننامەیە بدات و پاشان پابەند نەبێت ئەوە: "رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە".
ئەنجومەنی وەزیران، ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە پابەندی ئەو بابەتە بن.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی بۆ (باس) دووپات کردەوە، لەسەر داوای ئەوان حکوومەت فەرمانگەکانی لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران بە ناوی جیاجیا ڤیزایان وەرگرتووە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە کوردستان و داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتان کردووە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا.
زیاتر لە ٣٦ وڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ١٦ وڵاتیان ڤیزا بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام لە چەند ساڵی دواییدا مەرجەکانیان زۆر توند کردووە.
باسنیوز
