بازگەکانی پۆلیسی ئیتیحادی سووکایەتی بە هاووڵاتیانی کورد دەکەن و بەرتیلیان لێ وەردەگرن
ئەحمەد کە هاووڵاتییەکی نیشتەجێی شاری کەکووکە و بە سەردان هاتۆتە هەولێر و گەڕاوەتەوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەم چەند رۆژەی رابردوودا، لە بازگەی بەرامبەر مەفرەقی شوان، پۆلیسەکانی ئیتیحادی، شەتڵ و قەڵەمی نەمامیان لێ سەندم".
ئەو هاووڵاتییە هێماش بۆ ئەوە دەکات، نەک هەر ئەو، بەڵکو بینیویەتی، کە تەنانەت نێرگەلە و خەڵوزەکەشیان لە هاووڵاتیان وەک بەرتیل وەرگتووە، "زۆر بە بێ چاو و روویەوە ببینن شتێکت پێیە، داوای دەکەن و ناشتوانی نەیاندەیتێ، چونکە سوکایەتیت پێ دەکەن".
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی شارەکە ئەناسێ، کە بە ماتۆرسکیلێکەوە سەوزە و میوە دەباتە گوندەکانی چواردەووری کەرکووک بۆ فرۆشتن، بەڵام لەو بازگانەی پۆلیسی ئیتیحادی، بۆ هەر بابەتە و کیلۆیەک میوە یا پیاز، یان سەوزەی لێ دەسێنن، "ئەبێ چەندی قازانج بۆ بمێنێتەوە؟!".
سووکایەتییەکانی بازگەکانی پۆلیسی ئیتیحادی بە رادەیەکە، گەر هاووڵاتیانی کوردی شارەکە، زۆر پێویست نەبێ، نەتوانن سەردانی هەولێر یا سلێمانی بکەن، ئەوەتا ئەحمەد هێما بۆ ئەوە دەکات، کەوا لەو بازگەیەدا، جارێکیان مۆبایلی لە نزیک گێڕی ئۆتۆمبێلەکەیدا داناوە، پۆلیسەکان بیانوویان پێگرتووە، کە چۆنە مۆبایلی لە گیرفانی دانەناوە! بۆیە بە ناچاری خستوویەتییە گیرفانییەوە، "ئەوان کە زانیان کوردی، ئەگەڕێن بچوکترین شت بدۆزنەوە و سوکایەتیمان پێ بکەن، یان تەئخیرمان بکەن".
هاووڵاتییەکەی کەرکووک لەم گەشتەی دواییدا بەرامبەر ئەو سووکایەتی و بەرتیل وەرگرتنەی بازگەکانی پۆلیسی ئیتیحادی بێ دەنگ نەبووە، وەکخۆی گوتی: "چوومە لای ئەفسەرەکەیان پێم گوت، کە بۆ وامان لێ دەکەن، راستە کوردین، بەڵام دانیشتووی کەرکووکین، بە پۆلیسەکانتان بڵێن با سووکایەتیمان پێ نەکەن، بەڵام لە وەڵامدا پێی گوتم ئێوەی کورد هەمووتان یەک شتن، بۆ پێتان ناخۆشە ئیجرائات بکەن".
دوای ئەوەی لە ٢٥ی ئەیلول پرۆسەی ریفرەندۆمی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بە رێژەی %٨٠ بەژداریان لە پرۆسەکەدا کرد و دەنگیان بە بەڵێ داو، بە گشتی نزیکەی %٩٣ی دەنگەکان بە بەڵێ بوون، بەڵام دواتر بە هۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە چۆڵکران و حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی داگیریان کردن، چەندین زەوی و زاری کوردان، لە لایەن عەرەباکانەوە داگیرکران و چەندین گەڕەکی کوردیش هەڕەشەی روخاندنیان لەسەرە، تا ئێستاش حکوومەتی بەغدا هیچ کارێکی بۆ بەرگرتن بەو کارە ناڕەوایانە نەکردووە، کە بەرامبەر کوردانی ئەو شارە ئەنجام دراوە و دەدرێن
kdp-
