ئەمەریکا بۆ تورکیا: لە مەنبەج ناکشێینەوە
مەنبەج دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب، بەر لە جەنگی سووریا ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەبوو، ئێستا ئەمەریکا هێزەکانی لە مەنبەج جێگیر کردوون.
مەنبەج خاڵێکی ناکۆکی نێوان تورکیا و ئەمەریکایە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵۆ لە گوتارێکیدا بۆ نیویۆرک تایمز بە ئەمەریکاییەکان دەڵێ، ئێوە هاوبەشێکی هەڵەتان هەڵبژارد، کە مەبەستی یەپەگەیە و پێیان دەڵێ، "ئێستا ناکۆکیی نێوانمان گەیشتووەتە بنبەست و ئاستەنگی زۆری تێ کەوتووە."
مەولود چاوشئۆغڵۆ مەسجێک دەداتە ئەمەریکاییەکان کە لە مەنبەج بکشێنەوە و پێشووتریش سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو داوایەی لە ئەمەریکا کردووە، کە لە مەنبەج بکشێنەوە و چیی دی پشتیوانی لە پەیەدە نەکەن.
ئەمڕۆ ئەمەریکا لەسەر زاری فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی سوپای ئەمەریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، جۆزێڤ ڤۆتێل، وەڵامی تورکیای دایەوە و لە دیمانەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکاییدا دەڵێ، ''لە مەنبەج ناکشێینەوە.''
مێدیای ئەمەریکا دەڵێن، ڕووسیا ڕێگەی بە تورکیا داوە تا هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەگەرنا ئەمەریکا لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیادا نییە.
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکایی لە وەسفی مەنبەجدا دەڵێ، شوێنێکی ستراتیژییە بۆ ئەمەریکا، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن ئەمەریکا و تورکیا کێشەکانیان قوڵ بووەتەوە، هەروەک چاوشئۆغڵۆ نایشارێتەوە کە لەگەڵ ئەمەریکا تەبا نین.
مێدیای ئەمەریکا پێشبینی دەکەن کە مەنبەج ببێتە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، چونکە تورکیا بە فڕۆکە مەنبەجی بۆردومان کردووە، ئەگەر بێت و تورکیا بەردەوام بێت، ئەمەریکا یان دەبێ شارەکە چۆڵ بکات، یانیش دەبێ وەڵامی بۆ تورکیا هەبێت.
kdp-
