ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێکی دژ بە ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 29/1/2018، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری مامەڵەنەکردنی بانکی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە، لەڕووی تەشریعییەوە ھەنگاوێکی باش بوو، بەڵام لەڕووی پراکتیکییەوە ھەر لەمێژە کار بەو بڕیارە نەکراوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو بریارەش لە دوای 25ی ئەیلوولی ڕابردوودا کاتێک لە ھەرێمی کوردستان ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام درا، دەرچوێنرا، دەشڵێت: "بەڵام وەک گوتم لەڕووی پراکتیکیەوە جێبەجێ نەکراوە، چونکە ئەو بانکانە سەرجەمیان لقەکانیان لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو و زۆر زیانمەندبوون لە راوەستاندنی مامەڵەی بانکی و پاشان داوایان لە سەروی خۆیان کرد، ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت".
ئاشکراشی کرد: "دەقی بڕیارەکەش ئەوەبوو کە ڕاوەستاندنی سەرجەم مامەڵەکانی بانکی و حەواڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت".
باسنیوز
