پەرلەمانتارێک: ئامانجی حەشدی شەعبی لە كەركووك نەهێشتنی کوردە لەو شارە

 پەرلەمانتارێک: ئامانجی حەشدی شەعبی لە كەركووك نەهێشتنی کوردە لەو شارە
پەرلەمانتارێک لە لیستی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ بردنی نەوت و بە شیعەكردنی كەركووك، شارەكەیان داگیر كردووە.

هیڤا میرخان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕايگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ دوو ئامانجی سەرەكی كەركووكیان داگیر كرد، ئەو ئامانجانەشیان بریتین لەوەی كە ئەوان دەیانەوێت هەرچی سامانی سروشتیی كەركووكە، بەتایبەت نەوت بۆ خۆیان ببەن و ئامانجەكەی دیكەشیان بە شیعەكردنی سنووری پارێزگای كەركووكە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "میلیشیاكان گشت هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی كورد لە كەركووك نەهێڵن ئەو میلیشیایانە شۆڤێنین و هەموو كردەوەیەكی توندوتیژی دژ بە كورد لە كەركووك و خورماتوو ئەنجام دەدەن."

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون. ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە". ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنيوز
Top