هێزێکی عێراقی لە مەخموور ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنێت

 هێزێکی عێراقی لە مەخموور ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنێت
بەپێی زانیارییەکان، حەشدی شەعبی لەژێر ناوی پۆلیسی فیدراڵیی عێراقی لە شارۆچکەی مەخموور، ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنن و بە بیانووی بوونی جلوبەرگی سەربازی و چەکیش لەو ماڵانەدا، 6 کەس دەستگیر دەکەن.



هاووڵاتییەکی دانیشتووی مەخموور کە بەهۆی ڕەوشی ئەمنییەوە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند: ئەو پشکنینە لە قەزای مەخموور، سەرەتا لە گوندەکانی دەوروبەری مەخموورەوە دەستی پێکردووە و ئێستاش پشکنین گەیشتووەتە گەڕەکەکانی ناو سەنتەری مەخموور و ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکی (کوردستان) پشکنینی ماڵان کراوە، ھەر ماڵێک چەکی ھەبێت، چەکەکەی لێ دەسەندرێت و بەڵێننامەی پێ پڕ دەکرێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، شەش کەس بە بیانووی بوونی جلوبەرگی سەربازی لەماڵەکانیاندا یان بوونی چەک، دەستگیر کراون. گوتیشی: ”ئەگەر خاوەن ماڵ ھۆشیار نەبێت، دەست بۆ زێڕ و پارەش دەبرێت".



ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر پاراستنی گیانی خۆی نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "ڕاستە پشکنینی ماڵان دەستی پێکردووە و لە ڕۆژانی داھاتووش دەنگۆ ھەیە کە تەواوی گەڕەکەکانی مەخموور بپشکێندرێت و لە چەک دابماڵێنرێ، ئەوەی ئێستا چەکیشی ھەیە، بەدزییەوەیە، ئەو پشکنینەش لە چەند گوندێکی دەوروبەری مەخموور دەستی پێکردووە و گوندنشین و جووتیار و مەڕداران لە چەک داماڵدراون، ئەوەشی چەکی ماوە، لەبەر ئەوە بووە کە لەکاتی پشکنیندا نەدۆزراوەتەوە“.



بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، (باسنیوز) پەیوەندی بە ڕزگار محەمەد، قایمقامی مەخموورەوە کرد کە ئێستا لە دەرەوەی شارەکە کارەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.



باسنیوز
Top