دەستپاکی: 461 خانەنشینی نایاسایی بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار هەن

 دەستپاکی: 461 خانەنشینی نایاسایی بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار هەن
بەرپرسێکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ژمارەی وەزیر و راوێژکارە خانەنشینە نایاساییەکانی کوردستان، ئاشکرا دەکات.



موشیر رەشید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی دەستپاکی رای گەیاندووە، بەشێک لەو کەسانەی بە نایاسایی خانەنشین کراون، ”یەک رۆژیش فەرمانبەری حکوومەت نەبوونە“.



موشیر رەشید ئەوەشی بۆ (کوردستان 24) ڕوون کردووەتەوە، 461 کەس بە پلەی وەزیر، بریکاری وەزیر و راوێژکار لە ھەرێمی کوردستان، بە نایاسایی خانەنشین کراون.



ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ھەندێک لەو خانەنشینانە بە پلەی بەرزتر لە مافی خۆیان خانەنشین کراون.



حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی خانەنشینی نایاسایی بەرپرسانی پلەباڵا و ناردوویەتییە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان پەسەندی نەکردووە.



چاودێران باس لەوە دەکەن، کە بە بڕینی مووچەی ئەو خانەنشینە نایاساییانە، پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، چونکە مانگانە سەدان ملیۆن دیناری حکوومەت وەک مووچە دەدرێتە ئەو خانەنشینە نایاساییانە.



بەپێی زانیارییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پرۆژەکە رەت دەکەنەوە، چونکە تەنیا لە سنووری سلێمانی، 100 ھەزار خانەنشینی پلە تایبەت (وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی.. )ی ھەردوو حزب، ھەن.



k24
Top