سبەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر یەکەمین کۆبوونەوە ئەنجام دەدا
نازم ھەرکی، ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممەی 30/1/2018، ئەو لێژنە تایبەتەی بۆ بەدواداچوون لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمان پێکھێنراوە، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی بەرنامەیەک بۆ چۆنییەتی کارەکانی دابڕێژێت".
جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان ئەوەی ڕوون کردەوە، کاتێک لێژنەیەکی تایبەت بە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دادەنرێت، کاری خۆی لەسەر ھۆکاری کەوتنی کەرکووک، خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی لەمبارەیەوە بگاتە ئەنجامێک.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
