سەنتەرێک ژمارەی قوربانییانی رۆژی نۆیەمی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئاشکرا دەکات

 سەنتەرێک ژمارەی قوربانییانی رۆژی نۆیەمی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئاشکرا دەکات
سەنتەرێکی مافەکانی مرۆڤ ژمارەی قوربانییانی رۆژی نۆیەمی هێرشەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، ئاشکرا دەکات.



بەپێی راگەیەندراوێک، ، سەنتەری دیموکراتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایدەگەیەنێت، تۆپبارانی سەر ناوچەکانی شاری عەفرین لەلایەن تۆپخانەی تورکیاوە، بەردەوامە.



هەروەک سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 28/1/2018 رووبەڕووبوونەوە لەنێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، لە ناوچەکانی شەران، راجۆ، شیە، جوندرێسە و شێراوا بەردەوام بووە و بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی عەفرین.



سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپای تورکیا لە باکوور و رۆژئاوای عەفرین، هێزە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە رۆژهەڵاتی عەفرین هێرشیان کردووەتە سەر شارەکە.



بەپێی راگەیەندراوی سەنتەرەکە، لە رۆژی یەکشەممەدا (رۆژی نۆیەمی هێرشەکە) 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 11ـی دیکەش بریندار بوون.



باسنیوز
Top