ئەردۆگان: چاومان لە خاکی سووریا نییە
ئەمڕۆ یەكشەممە سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین گوتی "سەربازە پاڵەوانەکانمان دوێنێ لە ناوچەی قەڵغانی فورات داستانیان تۆمار کرد و ئەمڕۆش لە عەفرین تۆماری دەکەن".
ئەردۆگان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان لە ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی سنووری تورکیایە لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چاویان لە خاکی سووریا نییە.
گوتیشی "لە گشت لایەکەوە ھەواڵی ئەرێنی و دڵخۆشکەر دەبیستین بە تایبەتی لە برایانمان لە عەفرین. دەزانن خەڵکی ناوچەکە کاتێک دەبیستن گوندەکانیان لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوە و دەڵێن تورکەکان ھاتن، ئیتر سەلامەتین، مێژوو دووبارە ھەڵدەستێتەوە سەرپێ".
ماوەی 9 رۆژە توركیا لەشكركێشییەكی گەورەی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە، تا ئێستە دەیان كەسی مەدەنی بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیاوە شەهید و بریندار بوون.
باسنيوز
