زانکۆیەکی بەریتانی زیاتر لە 50 ھەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە تەرخان کرد

 زانکۆیەکی بەریتانی زیاتر لە 50 ھەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە تەرخان کرد
جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ئاماژە بەوە دەدات، کە زانکۆیەکی بەریتانی بەھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوێکی ھۆڵەندی زیاتر لە 50 ھەزار دۆلاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە تەرخانکردووە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە.

ساڵح سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی بەھۆی بومەلەرزەکەی شەوی 12/11/2017، زیانێکی زۆر بەر قەڵای شێروانە کەوت، زانکۆی گلاسکۆی بەریتانی کە ماوەی چەند ساڵێکەوە پێکەوە کار دەکەین بە ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ھۆڵەندی بڕی 49 ھەزار و 900 یۆرۆیان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە کە دەکاتە زیاتر لە 50 ھەزار دۆلاری ئەمریکی تەرخان کردووە".

جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ئەوەشی خستە روو، کە دوێنێ لەلایەن زانکۆکەوە ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە بۆئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە بکەن و ھەر لەگەڵ گەیشتنی پارەکە کە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا بگاتە دەستیان، گەر ڕێگری ئیداری نەیەتە پێش زانکۆکە، دەست دەکەن بەنۆژەنکردنەوەی.

ئاشکراشی کرد: "بەدەر لەو ڕێکخراوە حکوومەتی عێراقیش بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانەی دا و دوو لیژنەی تایبەتیشی نارد بۆ بەدواداچوونی زیانەکانی کە بریتی بوون لە لیژنەیەکی شوێنەواری و لیژنەیەکی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تا ئێستا ھیچیان دیار نییە".

شەوی 12/11/2017 بومەلەرزەیەکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستانی دا و بەوھۆیەوە 8 ھاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 300 ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زەرەر و زیانێکی زۆریش گەیشتە ژمارەیەک دامودەزگای حکوومی و خانووی ھاووڵاتیان و بەنداوی دەربەندیخان.









باسنیوز
Top