ڕێباز حه‌ملان: پڕۆژه‌ى چاكسازیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر مووچه‌ و باشتركردنى ژیانى مووچه‌خۆران ده‌بێت

 ڕێباز حه‌ملان: پڕۆژه‌ى چاكسازیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر مووچه‌ و باشتركردنى ژیانى مووچه‌خۆران ده‌بێت
ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووری حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك باس له‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و پڕۆژه‌ى چاكسازى خانه‌نشین و پاشكه‌وتى مووچه‌، كرا.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 28/ 1/ 2018، جه‌عفه‌ر ئێمینكى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كوردستان و بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سكرتێرى په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاندێك سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووری حكوومه‌تى هه‌رێمیان كرد و له‌لایه‌ن رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و رابه‌ر سدیق، بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌ وه‌كاله‌ت، پێشوازییان لێكرا.

لای خۆیه‌وه‌، رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى سه‌ردانى له‌و جۆره‌ى به‌گرنگ زانى و پێشى وابوو كه‌ گرنگه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و جێبه‌جێكردن هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌موان كار بكه‌ن بۆ باشتركردنى ژیانى خه‌ڵك و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌ دارایه‌.

وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، گوتیشى: "ئه‌و پڕۆژه‌ چاكسازیه‌ى ئاراسته‌ى په‌رله‌مان كراوه‌ یه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست ده‌كات و بڕه‌ پاره‌یه‌كى باشیش بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌مه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌شكردنى مووچه‌ و باشتركردنى ژیانى مووچه‌خۆران".

له‌ به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى له‌ نێوانیان دروست بووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زیرى دارایى و ئابوورى گوتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق و هه‌رێم و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان لێكتێگه‌یشتن وبه‌ره‌و پێشچوون هه‌بووه‌".









باسنيوز
Top