دیندار دۆسکی: منیش وەک بارزانی دەڵێم کەرکووک داگیر کراوە

 دیندار دۆسکی: منیش وەک بارزانی دەڵێم کەرکووک داگیر کراوە
دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراقی ھەمیشە دوژمنی نەتەوەی کورد بووە. جەختی لەوەش کردەوە ”نەتەوەی کورد بۆ ئەوە ڕیفراندۆمی کردووە، کیانێکی سەربەخۆی ھەبێت".

دیندار دۆسکی لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ھیچ کاتێک لە ڕیفراندۆم پەشیمان نیم و ئەگەر سبەینێش ڕیفراندۆم بکرێتەوە، بە گڕوتینێکی بەھێزەوە جارێکی دیکە دەنگ بە سەربەخۆیی وڵاتەکەم دەدەم، چونکە کێشەی وڵاتەکەی خومانە و بیر لە سەربەخۆیی دەکەینەوە، بەڵام حکوومەتی عێراقی ڕیفراندۆمی کردووە بە کارتێکی فشار دژی میللەتی کورد لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دانوستان بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت".

دیندار دۆسکی، ئاماژەی بەوەش دا: "مەسعوود بارزانی، سەرکردەیەکی دیاری گەلی کوردە و بێگومان کاتێک بارزانی باسی بارودۆخی کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکان دەکات، منیش دەڵێم، کەرکووک بەم بارودۆخەی ئێستایەوە داگیر کراوە، چونکە سوپای عێراق کەرکووکی کردووە بە سەربازگە و بە سوپایەکی فراوان و بە چەکی قورسەوە شارەکەی داگیر کردووە، ھەروەھا ھاووڵاتییانی شارەکە ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە ھەموو ئەو کارانەی حکوومەتی عێراقی، دژی دەستووری عێراقن".

دیندار دۆسکی، باسی لەوەش کرد، حەیدەر عەبادی دژایەتیی نەتەوەی کورد دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە داوای مافی ڕەوای خۆمان کردووە کە ئەویش پرسی ڕیفراندۆم و خەونی دەوڵەتی کوردستان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا عەبادی بۆیە دژایەتیی کورد دەکات، بۆ ئەوەی شەقامی بەغدا لەخۆی ڕازی بکات، تاکوو لە ھەڵبژاردنەکاندا بتوانێ دەنگی پێویست بەدەست بھێنێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە پێگەی خۆمان بەھێز بکەین، باشتر وایە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا یەک ھەڵوێست بن".

لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی (BBC)، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، ئەنجامی خیانەتی تاقمێکی دیاریکراو بوو. جەختیشی لەوە کردەوە کە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا ناوچەی داگیرکراون.









باسنیوز
Top