پەرلەمانتارێکی تورکمان: گۆڕان و کۆمەڵ پێکهاتەی تورکمانیان کردووەتە ئامانج
ماجد بازرگان، پەرلەمانتاری پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھەندێک لایەن ھەن کە لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان ھەیە، بەداخەوە کاتێک ناوی سیستەمی کۆتا بۆ پەرلەمانی کوردستان دێت، ئەوان پێی تێک دەچن، نازانن کە ئەو کۆتایە پێشتر پەرلەمانی کوردستان لە سەر بناغەی پێکەوەریان بڕیاری لەسەر داوە کە پێکھاتەی تورکمان و کلدوئاشوورییەکان کورسیی کۆتایان هەیە، ئەگەر سیستەمی کۆتا نەبێت، ئەوان ناتوانن کورسی بەدەست بھێنن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ھەموو پێکھاتەکان لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا پێکەوە دەنگ دەدەن، بۆ نموونە دەبینیت ھاووڵاتییەکی تورکمان دەنگ دەدات بە لیستێکی کوردی، بەپێچەوانەشەوە ھەیە کە ھاووڵاتیی کوردە، بەڵام دەنگ بۆ لیستێکی تورکمانی دەدات، بەڵام دەنگەکانی تورکمان کە خۆشیان کەمینەن لە ھەرێمی کوردستان، بڵاو و پەرتەوازە دەبێت، بۆیە ئەو سیستەمی کۆتایە گرنگە بۆ ئەوەی نوێنەرانی تورکمان و مەسیحییەکانیش بچنە پەرلەمان".
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە، جەختی کردەوە: "ئەوانەی کە دژایەتی سیستەمی کۆتا دەکەن، وا دەزانن ھەموو تورکمان لایەنگری حزبێکن لە حزبەکانی کوردستان، ھاوکات وای دەبینن کە لایەنێک، یان دوو لایەنی کوردی دەنگیان پێ داون، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو دەنگانەی کە ئێمە ھێناومانە زۆر لە دەنگدەری خۆمان کەمترە".
ڕوونی کردەوە: "ئێمە زیاتر لەسەروبەندی ھەڵبژاردنەکان دەکرێنە ئامانج، ئەمەش بۆ ئەوە دەکەن، تاوەکوو خەڵک پاشگەزبێتەوە و دەنگ نەدات بە تورکمان، بەڵام تورکمان دەنگی خۆی ھەر دێنێت".
ماجد بازرگان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە ڕەخنەمان لە گۆڕان و کۆمەڵ َھەیە کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دژایەتیمان دەکەن، خۆ کۆمەڵی ئیسلامی گوایە ئەوان لایەنێکی ئیسلامین، دەبوو بانگەشە بۆ عەدالەت بکەن، ھەرچی گۆڕانیشە کە ئەوانیش خۆیان بە دیموکراتیخواز و گۆڕانخواز دەزانن، ئەوان دەبێت باوەڕیان بە سیستەمی دیموکراتی و کۆتا ھەبێت، بەڵام دیارە وانییە، بۆیە ھێرشەکانیان بۆ سەر تورکمان بە ناڕەوا دەبینین".
لەبارەی ھێرشی ھەندێک میدیا بۆ سەر پێکھاتەی تورکمان لە سەر بابەتی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ماجد بازرگان، ئەوەی خستەڕوو، ”ئێمە بەنموونە لە شاری ھەولێر، پێکەوە دەژین وەک کورد و عەرەب و مەسیحی، خەمی ھەر لایەنێکمان خەمی ھەموومانە و ھەر خۆشییەک ھەبێت، ئەویش بۆ ھەمووانە، بەڵام ھەر لایەنێک کە بیەوێت بابەتی ھەڵوێست وەرگرتن لە سەر عەفرین بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە ببێتە پارێزەری لایەنێک، یان پشتیووانی لە لایەنێک بکات بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین و بە مەبەستداری دەزانین".
باسنیوز
