عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئەو گۆڕانکارییە نەخوازراوانەی کە لە کەرکووک ڕووی دا، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە نا سروشتییە و دەبێت ئێمە ئەو واقیعە قبوڵ نەکەین

 عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئەو گۆڕانکارییە نەخوازراوانەی کە لە کەرکووک ڕووی دا، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە نا سروشتییە و دەبێت ئێمە ئەو واقیعە قبوڵ نەکەین
لەبارەی هەواڵی هاوپەیمانیکردنی گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ لیستەکەی هادی عامری، فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی، ڕەخنەی توند لە گۆڕان و کۆمەڵ دەگیرێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت "ھەندێک لایەن ئامادەن ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەر لایەنێکدا بێت بیکەن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا چەند پۆستێک لە عێراق وەربگرن".



عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەبوو ئێمە وەکو کورد، بەیەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەین، بەڵام ھەندێک لایەن بڕیاریاندا بەتەنیا بەشداری لەو ھەڵبژاردنە بکەن".



رۆژنامەیەکی عەرەبی ئاشکرای کردووە، کە گۆڕان و کۆمەڵ بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، لەگەڵ لیستەکەی ھادی عامری، سەرکردەی باڵای میلیشیای حەشدی شەعبی ھاوپەیمانی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دەکەن، لەم بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەندێک لایەن لە داھاتوودا دەیانەوێت چەند پۆستێک لە عێراق وەربگرن، بەڵام دەبوو یان ھەموومان پێکەوە بایکۆتی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقمان بکردایە، یانیش بەیەک لیست بەشدار بووینایە، بەڵام ئەوە نەبوو، ئیتر ئەوان ئامادەن لەگەڵ ھەر لایەنێکدا بێت بچنە ناو ھاوپەیمانییەوە، بەڵام مەبەستیان ئەوەیە کە پشکیان پێ بدرێت لە ناو حکوومەی داھاتووی عێراقدا".



ئاشکراشی کرد: "ئەو ھەنگاوە پشتگیریکردنە لە پڕۆسەیەکی زۆر مەترسیدار، چونکە زۆرینەی سیاسی لە عێراق دەیانەوێت حکوومەتێک پێکبێنن و لەنێو ئەو حکوومەتەشدا چەند کورد و چەند سوننەیەک لەگەڵ خۆیان دادەنێن و ئیتر ئەو حزبانەی کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین، فەرامۆش بکەن کە ئەمەش مەترسییە و نابێت بەو شێوەیە بێت و بە بەشداربوون بەو شێوەیە پێگەی کورد لاواز دەکات".



عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ، جەختی لەوەش کردەوە: "ئەو گۆڕانکارییە نەخوازراوانەی کە لە کەرکووک ڕووی دا، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە نا سروشتییە و دەبێت ئێمە ئەو واقیعە قبوڵ نەکەین، بەڵام ئەوان خەمیان ئەوە نییە کە کەرکووک چی بەسەر دێت".



پێشتر (باسنیوز)، هەواڵێکی ڕۆژنامەی (قودسی عەرەبی) بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاشکرا کرابوو، هادی عامری، فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی، بە نیازە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ھاوپەیمانی ببەستێت.



سەرکردەیەکی دەوڵە‌تی یاسا ئاماژەشی بەوە دابوو: "ھاوپەیمانیی فەتح، بە سەرۆکایەتیی ھادی عامری، بەنیازە بۆ قەرەبووکردنەوەی دەنگی سوننەکان، سوود لە کوردانی سلێمانی وەرگرێت و ھاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ببەستێت، بەوەی کە کوردەکان لە ماوەی رابردوودا ھیچیان لە نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی دەست نەکەوتووە“.



بڕیارە ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت.




باسنیوز
Top