وەزارەتی تەندرووستی: لە بەغداوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دابەشکردنی مووچەکانمان پێنەداوین

 وەزارەتی تەندرووستی: لە بەغداوە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دابەشکردنی مووچەکانمان پێنەداوین
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی دەکەن و بێئاگایی خۆی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند.



دوای ئەوەی بڵاو کرایەوە کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا، مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندرووستی و پەروەردە بەبێ پاشەکەوتکردن لەلایەن بەغداوە دابەش دەکرێت. د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی ڕاگەیاند: ”من نەمزانیوە مووچە بدرێت، جارێ با سەرۆکی لێژنەکە بێت، قسەی لەگەڵدا دەکەین، چونکە تاوەکوو ئێستا کاری لێژنەی وردبینیکردن لە مووچەی وەزارەتی تەندرووستی بەردەوامە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ڕۆژی هاتنی لێژنەکە بۆ هەولێر تاوەکوو ئێستا کە پێنج ڕۆژە، وردبینییان لە لیستی مووچەی دیوانی وەزارەتی تەندرووستی کردووە، لەمڕۆشەوە خشتەی کارەکانیان دادەنێن، بۆ ئەوەی سەردانی فەرمانگەکان بکەن و وردبینی لە لیستی مووچەکانیاندا بکەن.



بە دووریشی زانی لەم مانگەدا کە تەنیا چەند ڕۆژێکی ماوە، کاری وردبینیکردن لە مووچەی وەزارەتی تەندرووستی تەواو ببێت و گوتی: ”لە ماوەی 5 ڕۆژدا تەنیا وردبینییان لە مووچەی کارمەندانی دیوانی وەزارەت کردووە، بۆیە ئێمە داوای زیادکردنی ئەندامانی لێژنەکەمان کرد و پەسەند کرا“.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکەیان لەلایەن بەغداوە نییە و گوتی: ”ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی خۆمان لە بەغدا قسەمان لەبارەی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی کرد، ئەویش گوتی هیچ ئاگادار نیم“.



پێشتر لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لێژنەیەکی تایبەتمەند بۆ وردبینیکردن لە مووچەی فەرمانبەر و کارمەندانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندرا و ئێستا لێژنەکە لە هەرێمی کوردستانە.


باسنیوز
Top