بێشکچی: لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکووک خیانەت کرا بۆیە شارەکە داگیر کرا
ئیسماعیل بێشکچی، بیرمەند و نووسەری ناوداری تورک بە رۆژنامەی (گەزەتەدوڤار)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، عەفرین شاری کوردانە و گەلی کورد و خەڵکی شارەکە، دەیپارێزن و خۆیان بەرامبەر ھێرشی تورکیا رادەگرن.
ئیسماعیل بێشکچی ھەروەھا رایگەیاندووە، لە شاری کەرکووک لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری رابردوو ”خیانەت کرا“، بۆیە شارەکە داگیر کرا، بەڵام لە عەفرین خیانەت ناکرێ و ”عەفرین وەک کەرکووک ناکەوێت“.
ئەو بیرمەندە تورکە، کە دۆستێکی گەلی کوردستانە و بەرگریی لە مافەکانی کورد دەکات، رووسیا داوای لە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەمریکا دوور بکەوێتەوە و ھاوکاریی رژێمی سووریا بکات، ”پەیەدە رەتی کردەوە ھاوکاریی رژێمی سووریا بکات، بۆیە رژێمی سووریا و رووسیا بەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا لە دژی عەفرین رازی بوون“.
لە رۆژی شەممە ٢٠/١/٢٠١٨ەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرش دەکەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
