ڕۆژنامەی قودسی عەرەبی: گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ حەشدی شەعبی هاوپەیمانی پێکدێنن
رۆژنامەی (قودسی عەرەبی) بڵاوی کردەوە، ھادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی، ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە کە بەھۆی ناکۆکییەکانی شیعە و سوننە، زۆرترین دەنگ بە دەست بھێنێت.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوماڵی شیعە، بە تایبەتی لەنێوان سەرکردەکانی حزبی دەعوەی ئیسلامی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و ھاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا کە بە دوو لیستی جیا بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان دەکەن. عامری خەونی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی هەیە.
لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە دەوڵەتی یاسا ھەوڵ دەدات دوای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان، حکوومەتی زۆرینە پێکبھێنێت، بۆ ئەمەش چەند لایەنێکی دیاریکردووە تاوەکوو هاوپەیمانێتییان لەگەڵدا ببەستێت.
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”ھاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی ھادی عامری، بەنیازە بۆ قەرەبووکردنەوەی دەنگی سوننەکان، سوود لە کوردانی سلێمانی وەرگرێت و ھاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ببەستێت، بەوەی کە کوردەکان لە ماوەی رابردوودا ھیچیان لە نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی دەست نەکەوتووە“.
باسنیوز
